سه‌رمه‌ندیی داهێنه‌ر له نێوان هۆش و كاتدا – “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو”ی پرووست
له عه‌ره‌بییه‌وه: ئه‌كبه‌ر حه‌سه‌ن
له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هه‌میشه وتراوه له پاش جه‌یمس جۆیس و مارسێل پرووست، چیتر دۆخی ڕۆمان وه‌ك پێشتر نییه. جۆیس ئێرله‌ندییه و خاوه‌نی ڕۆمانی “یۆلیسیس”ـه، پرووست فه‌ڕه‌نسییه و خاوه‌نی ڕۆمانی “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو”ه. زۆر جار ڕۆبه‌رت موزیلی ئه‌ڵمانییشیان بۆ زیاد ده‌كرێت. به‌م جۆره‌ش، هه‌رسیانیان پێكه‌وه ده‌سته‌ی باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ڕۆمانی نوێ له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا پێك ده‌هێنن. ئه‌گه‌ر موزیل له ڕۆمانه گه‌وره‌كه‌یدا “مرۆڤی بێئه‌دگار” به تایبه‌تی گرنگیی دابێت به قسه‌كردن له پێگه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌م له گۆڕانكارییه‌كاندا، چونكه سه‌رده‌مه‌كه وای لێ كردووه بێسیما و بێئه‌دگار بێت، ئه‌گه‌ر جۆیس به تایبه‌تتر گرنگیی دابێت به شه‌پۆلی هۆشی به‌ڕێژنه و باڵاده‌ست به‌سه‌ر هه‌ردوو كاتی خودی و بابه‌تیدا، ئه‌وا كات لای مارسێل پرووست ڕاڕاییه‌كی سه‌ره‌كیی پێك هێناوه، به تایبه‌ت له په‌یوه‌ندیی كات به هۆشه‌وه.
ڕۆمانی “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو” هیچ نییه جگه له هه‌وڵی پرووست به درێژایی ساڵانی كۆتایی ژیانی، له ناو دڵی خه‌م و نه‌خۆشیدا، بۆ گه‌یشتن به‌و گوزارشتكردنه پێویسته له په‌یوه‌ندیی هۆش به كاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرووست هه‌ر له ساڵی ١٩٠٧ـه‌وه ده‌ستی كرد به نووسینی حه‌وت به‌رگه‌كه‌ی كه ده‌قی ئه‌م ڕۆمانه گه‌وره‌یه پێك ده‌هێنن، كاتێك ساڵی ١٩٢٢ سه‌ری نایه‌وه، هێشتا نووسینی هه‌موو ڕۆمانه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردبوو. لێره‌شه‌وه ڕۆمانه‌كه كه دوابه‌شی له ساڵی ١٩٢٧دا بڵاو كرایه‌وه، واته دوای مه‌رگی نووسه‌ر، به ته‌واونه‌كراوی مایه‌وه. له ڕاستییشدا، ئه‌گه‌ر پرووست زیاتر ژیابایه و زیاتری نووسیبایه، چاره‌نووسی ڕۆمانه‌كه ئه‌وه ده‌بوو كه به‌رده‌وام به ته‌واونه‌كراوی بمێنێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی كاته، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتیش هه‌رگیز ته‌واو نابێت. ئه‌وه‌ی به‌م جۆره دڵنیامان ده‌كات، ئه‌وه‌یه پرووست خۆی له دانیشتنه تایبه‌ته‌كاندا ده‌یوت -له كاتی نووسینیدا ئه‌وه‌ی ده‌خسته ڕوو- نیازی له‌م نووسینه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاته كه تێ ده‌په‌ڕێت و ده‌ستگرتنه پێیه‌وه. به لای پرووسته‌وه، كاتی ڕابوردوو هه‌موو شتێكه كه ئێمه هه‌مانه… ئێمه ته‌نها له ڕێگه‌ی دوو ئامرازه‌وه ده‌توانین ده‌ست به‌م كاته‌وه بگرین و ئامرازی سێیه‌م بوونی نییه: یان یاده‌وه‌ریی خۆنه‌ویست (نائه‌ڤان)، یان به‌رهه‌می هونه‌ریی خۆویست (ئه‌ڤانی). به‌م پێیه‌ش، كه پرووست “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو”ی نووسیوه، به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی ئافراندووه، كه له دووتوێی خۆیدا یاده‌وه‌ریی خۆنه‌ویستی هه‌ڵگرتووه.
كاتێك پرووست ساڵی ١٩٠٧ له نووسینی به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌یدا ده‌ستی به گه‌شته درێژه‌كه‌ی كرد، به ناونیشانی ڕێگه‌ی به‌ره‌و سوان (ساڵی ١٩١٣ بڵاو بووه‌وه)، له ڕاستیدا بیری بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌م كاره حه‌وت به‌رگ و هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ی ده‌وێت و هه‌موو ساڵانی كۆتایی ته‌مه‌نی خۆی بۆ ته‌رخان ده‌كات. به‌رهه‌مه‌كه مانگ له دوای مانگ و ساڵ له دوای ساڵ له ناخیدا له دایك ده‌بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی پلانێكی گشتگیری بۆ دانابێت. نووسینه‌كه ڕێژنه‌ی ڕوانگه‌ی پرووست بوو بۆ هونه‌ر و كۆمه‌ڵگه و كات، هه‌ر شتێك كه ده‌شێت ڕوانگه و چاوتێبڕینی وه‌گێڕه‌كه‌ی (الراوی) بێت، كه ناوی مارسێله، ئه‌و له دووتوێی كات و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه و ناخی خۆیدا، له په‌یوه‌ندی به‌م دوانه‌وه، له هاتوچۆدا بوو. له ڕاستیدا ڕۆچوونی وه‌گێڕ-پاڵه‌وان به به‌رهه‌مه‌كه‌دا به زۆر ڕه‌گه‌زی ده‌ره‌كیدا تێ ده‌په‌ڕی كه هه‌ر زوو ده‌بوون به به‌شێك له ناخی: سایكۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان، په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كان، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌ر و به تایبه‌ت موزیک و شێوه‌کاری و چیرۆكنووسین. ئه‌مه جگه له ڕامانی گاڵته‌جاڕانه له كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسیی خۆبه‌شتزان له‌و كاته‌ی وه‌رچه‌رخانی ژیانی “كۆمه‌ڵگه‌ی پۆست دره‌یفوس” (مه‌به‌ست ئه‌لفرێد دره‌یفوسه كه ئه‌فسه‌رێكی جووله‌كه بوو له سوپای فه‌ڕا‌نسیدا و به تۆمه‌تی ناپاكیكردن دادگایی و زیندانی كرا).
به‌ڵام نابێت ئه‌م قسه‌یه له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كه دوورمان بخاته‌وه: بۆ مارسێل پرووست، ئه‌م ڕۆمانه گۆڕه‌پانی ململانێ بوو له‌گه‌ڵ كات وه‌ك دوژمنی ژماره یه‌ك و هه‌ره‌گه‌وره‌ی مرۆڤ. پرووست كه له دوای مردنی دایكی له ساڵی ١٩٠٥دا هه‌ستی به ته‌نیاییه‌كی سامناک و به ده‌ربازبوونی له هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی خێزانی ده‌كرد، بۆ یه‌كه‌م جار له ژیانیدا هه‌ستی كرد له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌یدا، كه کاژێره‌كانی ته‌مه‌نی و ڕۆژه‌كانی ده‌ژمێرێت، ته‌نیایه. به‌م جۆره، هه‌ستی ده‌كرد تاریكی له ژیانیدا زیاد ده‌كات و بێده‌نگی زیاتر باڵ ده‌كێشێت. چیتر نامۆ نه‌بوو بۆ به‌ڕێز/من/ وه‌گێڕ كه له سه‌روه‌ختی “ڕێگه‌ی به‌ره‌و سوان”ـه‌وه ئاماده ده‌بوو، درێژه بدات به باسه‌كه‌ی و په‌سن و ڕاڤه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ڕووداو و په‌یوه‌ندی و كه‌سێتییه‌كان بكات كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رین. چونكه هه‌موو ئه‌مانه (داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن دووباره بگه‌ڕێنه‌وه ژیان، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا له به‌شی یه‌كه‌مدا بیكات). به‌شه‌كانی دواتر ئه‌م ناونیشانانه‌یان هه‌یه: له سێبه‌ری كچانی نه‌وڕه‌سدا، ڕێگه‌ی به‌ره‌و گورمانت، سودووم و گومڕاهـ، یه‌خسیر، ئه‌لبرێتین خۆی ده‌شارێته‌وه (كه پاشان ناونیشانی “هه‌ڵهاتوو” و دواجاریش “كاتی گه‌ڕاوه” وه‌رده‌گرێت).
به شێوه‌یه‌كی گشتی، ده‌توانین ڕۆمانی “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو”، له ڕووی بناغه‌وه، تا ڕاده‌یه‌ك به ڕۆمانێكی بازنه‌یی دابنێین. چونكه له‌و لاپه‌ڕانه‌ی كۆتایی كه پرووست نووسیونی، به مارسێلی وه‌گێڕ كۆتایی دێت و له ناو خۆیدا چه‌ند به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه په‌لكێشی ده‌كات بۆ نووسینی ڕۆمانه‌كه كه خوێنه‌ر ئێستا هه‌ر حه‌وت به‌رگه‌كه‌ی خوێندووه‌ته‌وه. ئه‌و گیانه‌ی به گشتی به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه و هه‌ڵوێسته‌كانی مارسێلی وه‌گێڕدا باڵاده‌سته، گیانی ونبوون و بێئومێدی و له‌ده‌ستدانی توانای خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی ڕابوردوودا، نه‌هامه‌تی به‌رامبه‌ر بۆشیی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان… هه‌رچی هه‌وڵی مرۆییشه، ته‌نها له ئاسۆگه‌ی هێزی وێرانكه‌ری كاته‌وه ده‌بینێرێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی، به له‌به‌رچاوگرتنی ئاماژه‌كانی ڕۆمانه‌كه، به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك به‌رهه‌مێكی فه‌لسه‌فی سه‌یریان كردووه، هه‌ڵه نه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جاریش لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌ره‌و ئه‌و ئه‌نجامگیرییه په‌لكێشی كردبن كه لایه‌نه هزری-فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌سه‌ر لایه‌نه هونه‌رییه داهێنه‌رانه‌كه‌یدا زاڵ بووبێت، چونكه “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو” به یه‌كێك له‌و ڕۆمانه یه‌كه‌مینانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستێكی له پشته‌وه نه‌بووبێت، به “فینۆمینۆلۆجی”ی هۆسێرل ده‌ست پێ ده‌كات بۆ گوزارشتكردن له هونه‌ری ته‌واو له پرۆسه‌ی ڕاڤه‌كردنی جیهانێكدا كه ته‌نها له ناو هۆشی تاكه‌كه‌سیدا هه‌یه، به جۆرێك، ده‌شێت هاوڕا بین له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كه پێیان وایه “بایه‌خی فینۆمینۆلۆجییانه له به‌رهه‌مه‌كه‌ی پرووستدا له‌وه‌دایه كه ده‌گاته شیكردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ بۆ هۆشێكی هه‌ژێنه‌ر و ناسك تا ئه‌وپه‌ڕی”. به تایبه‌تی له ناو ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌گه‌رێك هه‌یه بۆ ده‌ركه‌وتنی جۆره ڕه‌هه‌ندێكی ئایدیاڵانه‌ی داره‌ته‌كانی هۆش و هه‌سته‌كان و ژیانی ناوه‌كیی كه‌سێتییه‌كان. كه‌واته ده‌بێت جارێكی دیكه‌ش بڵێینه‌وه لای پرووست هاوبه‌شییه‌كی ته‌واو له نێوان هۆش و كاتدا هه‌یه، دوو پێكهێنه‌ر كه وه‌ك هاوبه‌ش وان و لێك جیا نابنه‌وه. چونكه “كات بنچینه‌ی هۆشه، هۆشیش بنچینه‌ی كاته” وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك له پسپۆڕه فه‌ڕا‌نسییه‌كانی ئه‌ده‌بی پرووست پێداگیریی له‌سه‌ر ده‌كات و ئه‌مه‌شی بۆ زیاد ده‌كات: “له لایه‌كه‌وه، پرووست باسی کات ده‌كات، به زمانێك كه له‌گه‌ڵ زمانی میتافیزیكای كلاسیك‌دا یه‌ك دێته‌وه، زمانێك كه له سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه تا ده‌گاته بێرگسۆن و هۆسێرل و ته‌نانه‌ت هایدیگه‌ریش، به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا زاڵ بووه، تا به‌ڵگه بهێنێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كات و ئه‌به‌دییه‌ت دژبه‌یه‌کن، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆ بچێته نێو كاتێكی تاهه‌تاییه‌وه، كاتێكی تر، كاتی گه‌ڕێنراوه”.
هه‌رچۆنێک بێ، وا ده‌رده‌كه‌وێت پرووست له ململانێی له‌گه‌ڵ كاتدا، ململانێیه‌ك كه ڕۆمان گۆڕه‌پانه‌كه‌یه‌تی، هه‌ستناسك بێت، به تایبه‌تی كه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا ژیاوه، دوو سه‌ده كه چه‌ند ته‌واوكه‌ری یه‌كدین، ئه‌وه‌نده‌ش لێك جیاوازن، وا ده‌رده‌كه‌وێت چه‌كی یه‌كه‌می خۆی كردبێت به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاتێكی تایبه‌تدا، له یاده‌وه‌رییه‌وه وه‌ری گرتبێت و گۆڕیبێتی بۆ بوونی هه‌ستپێكراو، له‌و ڕۆژانێك هه‌ڵهاتبێت كه بۆ ئه‌و سنووردار بووه، به‌و مانایه‌ی که خود لای ئه‌و له ئافراندنی جیهانی تایبه‌تی كاتدا ڕۆڵی یه‌كه‌می بینبێت.
پرووست ساڵی ١٨٧١ له‌دایك بووه. هه‌ر له منداڵییه‌وه، له نێو هونه‌ره‌كانی تردا زیاتر هۆگری موزیك بووه. لێره‌شه‌وه هه‌ر زوو ڕووی كردووه‌ته هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و خۆی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به ڕه‌خنه‌گر و نووسه‌ر و دواتریش ڕۆماننووس. ئه‌وه‌ی ئاواته‌خوازی بوو، پێی گه‌یشت و به تایبه‌تی به هۆی “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو”ه‌وه بوو به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین نووسه‌ره‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه به‌رهه‌مه‌كانی سه‌ره‌تای، وه‌ك “خۆشییه‌كان و ڕۆژه‌كان” زۆر سه‌رنجڕاكێش نه‌بوون، هه‌روه‌تر، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه نووسینه تیۆرییه‌كانی، به تایبه‌ت په‌رتووکه‌كه‌ی له‌باره‌ی سه‌نت بیڤه‌وه، نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی پله‌وپایه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی ڕاسته‌قینه ده‌سته‌به‌ر بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، ده‌بوو به‌و ناوبانگه تایبه‌ته كۆڵ بدات كه ڕۆمانه بنچینه‌یی و مه‌زنه‌كه‌ی بۆی به‌دی هێنا “گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو” و به یه‌كێك له گرنگترین به‌رهه‌مه وێژه‌ییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت.
سه‌رچاوه:
الحیاة
٣٠/٦/٢٠١٤